وتووێژی رۆژنامه کوردستان له‌گه‌ڵ یوسف به‌نی ترۆف له‌سه‌ر کاریگه‌رییه سیاسییه‌کانی چالاکییه‌کانی داعش له‌سه‌ر موسلمانانی رۆژهه‌ڵاتی ناڤین
دیمانە: ئارەش لۆڕستانی
2014-08-27 10:22:16
پ: ئه‌گه‌رچی گرووپ و تاقمی بناژۆخوازو توندوتیژی دیکه له رۆژهه‌ڵاتی ناڤین هه‌ن، هۆکاری ده‌رکه‌وتنی دیارده‌ی ده‌وڵه‌تی ئیسلامی ئێراق و شام (داعش) ده‌توانێ چ بێ؟
و: له عێراق له 1400 ساڵ پێشه‌وه، واته له کاتی سه‌رهه‌ڵدانی ئیسلامه‌وه هه‌تا ئێستا سونییه‌کان ده‌سه‌ڵاتیان به‌ده‌ست بووه‌و شیعه‌کان له ماوه‌ی ئه‌م چارده سه‌ده‌یه‌دا نزیک به 70 یا 80 ساڵ ده‌ستیان رۆیشتوه. شیعه‌کان له سه‌رده‌می ئالی بویه، له سه‌رده‌می سه‌فه‌وییه‌کان و ره‌نگه یه‌ک دوو زنجیره‌ی بچووکی دیکه‌ش هه‌بووبن که ده‌سه‌ڵاتیان هه‌بووبێ به‌ڵام ئه‌و ماوه‌یه‌ی دیکه واته سێزده سه‌ده سونییه‌کان له‌م که‌وشه‌نه ده‌سه‌ڵات‌به‌ده‌ست بووون. که‌واته هه‌ر بۆیه ئه‌و ئاڵوگۆڕو گۆڕانکارییانه‌ی له ساڵی 2003 ه‌وه تا ئێستا له ئێراق روویان داوه بۆ عه‌ره‌به سونییه‌کان هه‌رس کردنی دژواره. واته له‌پڕ سوننه‌کان لێده‌که‌ون‌و هاوبه‌شی وه‌ک شیعه‌و کورده‌کانیان لێ په‌یدا ده‌بێ. هاوبه‌شی کورد له ده‌سه‌ڵاتی ئێراق‌دا به‌هۆی رابردوو‌و خه‌باتی دوروودرێژیان گه‌نگه‌شه‌خوڵقێن نییه. پرسی کورد له ئێراق که‌م که‌م جێ‌که‌وتوه‌و هه‌میشه له بیری چاره‌سه‌ری‌دا بوون، هه‌روه‌ها له بواری مه‌زهه‌بیشه‌وه جیاواز نین، به‌ڵام له‌بابه‌ت شیعه‌کانه‌وه جیاوازه. که ئه‌مانه به‌بڕوای من ریشه مێژووییه‌کانی کێشه‌که‌ن. ده‌سوه‌ردان‌و ده‌سڕۆیشتوویی بێ‌وێنه‌ی ئێران به‌تایبه‌ت له ماوه‌ی ده‌سه‌ڵاتدارێتی مالکی‌دا به‌و کێشانه‌وه زیاد بکه‌ن. ئه‌و ده‌سوه‌ردان‌و ده‌سڕۆیشتووییه‌ی ئێران باره‌که‌یان قورستر‌و ئاوه‌که‌یان لێڵتر کرد. به‌تایبه‌ت له په‌راوێزخستنی سونییه‌کان‌و رێبه‌رانی سونی که له سه‌رده‌می مالکی‌دا به لووتکه گه‌یشت. له‌و به‌رنامه‌و نه‌خشه سیاسییه‌ی که ساڵی 2003 داڕێژرا جێگه‌و پێگه‌ی سونیش له‌به‌ر چاو گیراو ئه‌وانیش به‌شدارییان کرد. که سه‌رۆک پارڵمان درا به سونی‌و سه‌رکۆماریش به‌کورد، که ئه‌ویش هه‌ر سونییه. که‌واته تا ئێره سونه نه‌ده‌بوو کێشه‌یان هه‌بێ. به‌ڵام ئه‌م دابه‌شینه به سه‌رنجدان به هێژمۆنی‌و ده‌سه‌ڵاتدارێتی مێژووی سونه‌کان زۆر که‌م‌ڕه‌نگ بوو‌و له دڵیان گران بوو. به‌ڵام له سه‌رده‌می مالکی‌دا ئه‌م په‌راوێزخستن‌و له‌سه‌ر کار لابردنانه به‌تایبه‌ت دوا ساڵه‌کان به‌وپه‌ری خۆی گه‌یشت. واته به چه‌شنێک بوو که ته‌نانه‌ت حیزبی ئیسلامی که به حیزبی سونه‌کانی ئێراق ناسراوه که‌وته به‌ر شاڵاوی پرۆسیسی په‌راوێزخستن. بۆ وێنه بینیمان که چ بارودۆخێکیان بۆ تاریق هاشمی جێگری سه‌رۆ‌ک‌وه‌زیران پێک‌هێنا. هاشمی ناچار په‌نای برده هه‌ولێرو له‌وێشه‌وه به‌ره‌و تورکیه ده‌رچوو، ئێستاش هه‌ر له تورکیه‌یه. تاریق هاشمی یه‌کێک له سه‌مبۆل و نوێنه‌ره میانه‌ڕۆیه‌کانی سونی بوو له ده‌سه‌ڵاتی ئێراق‌دا که له ئاکامی ئه‌و کارانه‌و له راستیدا سه‌ره‌ڕۆییانه‌دا ئه‌م دۆخه‌ی به‌سه‌ر هات. یا ئه‌وه‌ی که ئه‌حمه‌د ئه‌لوانی نوێنه‌ری شاری رۆمادی له پارڵمانی ئێراق ده‌سبه‌سه‌ر ده‌که‌ن‌و به‌ر له ده‌سبه‌سه‌رکردنیشی براکه‌ی له خۆپێشاندانی هێمنانه‌ی شاری رۆمادی که ناوه‌ندی پارێزگای ئه‌نباره ده‌کوژن‌و ئه‌حمه‌د ئه‌لوانی هێشتاش له زیندانه. له ئاکام‌دا رووبه‌رووبوونه‌وه‌ی توندوتیژانه‌ی مالکی دژی خۆپێشاندان و ناڕه‌زایه‌تی شاره‌کانی رۆمادی و فه‌لوجه بۆوه که ساڵێک درێژه‌ی هه‌بوو، به‌م کێشانه‌وه زیاد بکه‌ن. ئه‌م هه‌مووه هۆکارانه بوونه هۆی ئه‌وه‌ی‌که عه‌ره‌به سونییه‌کان هه‌ست به سته‌م بکه‌ن. له ئاکام‌دا ئه‌م خه‌ڵکه ده‌گه‌ڵ یه‌که‌م ره‌وتێکی به‌هێز که‌وتن که سه‌ری‌هه‌ڵدا. من پێم وایه ئه‌مانه هۆکاری به‌دی‌هاتنی ده‌وڵه‌تی ئیسلامی ئێراق‌و شامن.
پ: کۆمه‌ڵگه‌ی عه‌ره‌ب‌و به‌تایبه‌ت موسلمانانی سونی له ئێراق‌و سووریه که ساڵهایه ده‌چه‌وسێنه‌وه چۆن ده‌ڕواننه داعش؟ راده‌ی کاریگه‌ریی داعش له‌سه‌ر ئه‌و خه‌ڵکه چه‌وساوه‌یه چۆن بووه؟
و: داعش یان ده‌وڵه‌تی ئیسلامی له‌ڕاستیدا ئه‌و به‌ربژێره دڵخوازه‌ی خه‌ڵکی سوننی نیە. له نێوان خراپ‌و خراپ‌تر‌دا، خه‌ڵک به ناچاری ئه‌وانیان هه‌ڵبژاردوه. خراپترین، هه‌ما‌ن بارودۆخی ئارایی‌و ده‌سه‌ڵاتی پاوانخوازانه‌ی شیعه‌کان به‌ده‌ستی مالکی‌و هاومه‌زهه‌ب‌و هاوبیرانێتی. من پێم‌وایه عه‌ره‌به سونییه‌کان وه‌ک هێزێک که ده‌سه‌ڵاتی فیرقه‌یی- مه‌زهه‌بی شیعه تێکده‌شکێنێ‌و نفووزی ئێران له ئێراق تووشی گرفت ده‌کا ده‌ڕواننه داعش، ئه‌گینا پێم‌وانیه هه‌موو سونییه‌کان له‌گه‌ڵ داعش بن. هێزه تاییفه‌یی شۆڕشگێڕ‌و به‌عسییه‌کان بە ئاشکرا ره‌خنه له داعش ده‌گرن. من دیومه رێبه‌ری هۆزه‌کان که خاوه‌ن ده‌سه‌ڵات‌و ده‌سڕۆیشتوون زۆر جاران له تلویزیۆنەکان‌دا ره‌خنه له داعش ده‌گرن‌و ته‌نانه‌ت هێندێکیان ئێستا له هه‌ولێرن. جا بۆیه ئه‌گه‌ر ئاڵ‌وگۆڕێک له ده‌سه‌ڵاتی به‌غداو به‌تایبه‌ت له‌ویش گرنگتر له قانوونی بنه‌ڕه‌تی ئێراق‌دا بکرێ‌و چۆرێک یه‌کسانی ماف بۆ سونی له‌به‌رچاو بگیرێ، واته له په‌راوێز نه‌خرێن‌و به گوێره‌ی حه‌شیمه‌تیان له ده‌سه‌ڵات و سامانی وڵات پشکیان بدرێتێ، عه‌ره‌به سونییه‌کانیش ئه‌نگیزه‌یه‌کیان بۆ مانه‌وه له به‌ره‌ی داعش‌دا نامێنێ‌و ته‌نانه‌ت ره‌نگه به پێچه‌وانه‌وه دژیشی بن. هه‌ر ئێستاش هه‌ندێک هه‌واڵ له موسل‌و شاره‌کانی ژێر ده‌سه‌ڵاتی داعشه‌وه ده‌گه‌ن که باس له دژایه‌تی گرووپه سونییه‌کان ئه‌و شارانه دژی ده‌وڵه‌تی ئیسلامی ده‌که‌ن. دیاره ئه‌م گرووپ و بزاڤانه زۆر به‌ربه‌رین نین به‌ڵام له داهاتوودا ده‌توانن رۆڵیان هه‌بێ‌و داعش لاواز بکه‌ن.
پ: بوونی ئه‌و ره‌وته ئیسلامییانه‌ی وه‌ک داعش به‌گشتی کۆمه‌ڵگه‌ی عه‌ره‌ب له میسره‌وه بگره هه‌تا رۆژهه‌ڵاتی ناڤین به‌ره‌و کوێ ده‌به‌ن؟
و: بوونی ئه‌م جۆره گرووپه ئیسلامییه توندڕۆیه، نه‌ک هه‌ر بۆ کۆمه‌ڵگه‌ی عه‌ره‌ب، به‌ڵکوو بۆ گشتی رۆژهه‌ڵاتی ناڤین مه‌ترسیدارن. ئه‌م ره‌وتانه‌و به‌تایبه‌ت داعش له بنه‌ڕه‌تدا دژی ژن، دیموکراسی، هونه‌رو مافی نه‌ته‌وه‌کانن. ئه‌وانه له‌ڕاستیدا توێژه خامۆش‌و شاراوه‌کانی کۆمه‌ڵگه‌ی عه‌ره‌بن که به‌هۆی جمان‌و نه‌جمانی سیاسی له قووڵایی مێژووه سه‌ریان‌هه‌ڵداوه. دیاره به‌هێز بوونیشیان نیشانده‌ری لاوازبوونی هێزه لیبراڵ، دیموکرات‌و چه‌په‌کانی وڵاتانی ئێراق‌و سووریه‌شه. به‌بڕوای من داعش نه‌ک هه‌ر هێزێکی مه‌ترسیداره بۆ گه‌لانی ئێراق و سووریه، به‌ڵکوو بۆ لوبنان، ئۆردۆن‌و سعودیه‌ش مه‌ترسیدارن. ئه‌م ره‌وته ده‌توانێ کاریگه‌ریی له‌سه‌ر ئێرانیش هه‌بێ که ده تا پازده له سه‌ده‌ی خه‌ڵکه‌که‌ی سوننین. ئه‌گه‌ر چاره‌سه‌رێک بۆ به‌رگری له‌و گه‌شه‌سه‌ندنی ئه‌و ره‌وته ئیسلامییه توندڕۆیه نه‌دۆزرێته‌وه له‌راستی‌دا ده‌بێ به فرانکنشتاین. به‌بڕاوی من هێزه پێشکه‌وتووه‌کان له‌به‌رابه‌ر ئه‌م هێزه تاریک‌بیرانه ده‌سته‌ونه‌زه‌ر نابن به‌ڵام به‌داخه‌وه له‌م کاته‌دا لاوازی و پرش‌و بڵاوی بووه‌ته هۆی به‌هێز بوونی ده‌وڵه‌تی ئیسلامی.
پ: یه‌کیه‌تیی عه‌ره‌ب چۆن ده‌گه‌ڵ مه‌سه‌له‌ی داعش ده‌جووڵێته‌وه؟ ئه‌م یه‌کیه‌تییه ده‌توانێ به قازانجی کۆمه‌ڵگه‌ی عه‌ره‌ب‌و دژی داعش چ بکا؟
و: تا ئه‌و جێیه‌ی من به‌دواداچوونی رووداوه‌کانی جیهانی عه‌ره‌بم کردوه هیچ هه‌ڵوێستێکی نه‌بووه، یا لانی که‌م من گوێم لێ نه‌بووه. به‌ڵام له گوتاری پێشووی ئه‌م یه‌کیه‌تییه سه‌رباره‌ت به رووداوه‌کانی سووریه له سێ ساڵی رابردوودا پشتیوانی له ئۆپۆزیسیۆنی وه‌ک سوپای ئازادی سووریه‌و ئۆپۆزیسیۆنی لیبراڵ‌و دیموکراتی کردوه. به هه‌ر حاڵ گوتاری یه‌کیه‌تی عه‌ره‌ب ده‌زانم‌و به‌بڕوای من به‌داخه‌وه یه‌کیه‌تی عه‌ره‌ب به هه‌موو هه‌وڵه‌کانییه‌وه بۆ چاره‌سه‌ری قه‌یرانی سووریه هیچی پێ نه‌کراوه. سه‌ره‌ڕای ئه‌وه ئێستا کۆمه‌ڵگه‌ی جیهانی له مه‌سه‌له‌ی داعش‌دا ماوه‌ته‌وه. به‌بڕوای من هه‌وڵ‌و تێکۆشانی کۆمه‌ڵگه‌ی جیهانی، یه‌کیه‌تی عه‌ره‌ب‌و وڵاتانی کاریگه‌ری ناوچه‌که له به‌رگری له‌گه‌شه‌ی داعش‌دا ئه‌و کاته ده‌سکه‌وتی ده‌بێ که ئه‌م هه‌ماهه‌نگییه له نێوانیان بێته دی.
پ: به‌گوێره‌ی گرنگی مێژوویی‌و ستراتیژیکی ئێراق‌و سووریه بۆ رۆژهه‌ڵاتی ناڤین، کاریگه‌ریی چالاکییه‌کانی ره‌وته‌کانی وه‌ک داعش له‌سه‌ر ناوچه‌و به‌تایبه‌ت رۆژهه‌ڵاتی ناڤین چۆن لێک‌ده‌ده‌نه‌وه؟
و: ئیده مه‌زهه‌بییه‌کان نزیکترین ئیده‌و ئیدیۆلۆژییه‌کانی مرۆڤی ئاسایین. واته مرۆڤێکی ئاسایی، هاووڵاتییه‌کی ئاسایی له رۆژهه‌ڵاتی ناڤین‌و به‌تایبه‌ت حێراق‌و سووریه، به‌ر له‌وه‌ی به‌لای هه‌ر ئیدیۆلۆژییه‌کی دیکه‌دا بشکێته‌وه، ئه‌و شته‌ی به شێوه‌ی نه‌ریتی له ناخی دایه‌و له دایه‌و بابانه‌وه بۆی به میرات جێ ماوه مه‌زهه‌به که ره‌کێشی خۆی ده‌کا. ئه‌م دیارده‌یه‌ی که ده‌یبینین‌و له ئاکام‌دا ده‌بێته هۆی په‌ره‌سه‌ندنی ئیده ئیسلامییه‌کان له ئێران‌و وڵاتانی ناوچه‌که. نابێ له‌بیریشی بکه‌ین که دوو وڵاتی ئێراق‌و سووریه له ماوه‌ی سه‌دو چه‌ندی ساڵی رابردوودا ئه‌ندێشه‌و ره‌وتگه‌لی جۆراوجۆری ناسیۆنالیست، سیکۆلار، لیبراڵ‌و چه‌پیشی تێدا هه‌ڵکه‌وتوه. ئه‌گه‌رچی ئه‌م ره‌وتانه ئێستاکه لاوازن، به‌ڵکوو له داهاتوویه‌کی نه هێنده دووردا له‌به‌رانبه‌رر شه‌پۆلی قوورسی داعش‌دا تۆکمه‌تر ده‌بنه‌وه‌و دژکرده‌وه‌یان ده‌بێ. ره‌نگه به‌ره‌به‌ره‌کانییه‌کانی نێوخۆیی ئیسپانیاشمان دیبێ که له لایه‌ک فاڵانژه‌کانی دیکتاتۆر فرانکۆو له لایه‌کی دیکه‌ش هێزه پێشکه‌وتووو کۆماریخواز خه‌باتیان ده‌کرد که له لایه‌ن که‌سایه‌تی‌و پارته پێشکه‌وتووو دیموکراته نێونه‌ته‌وه‌ییه‌کانه‌وه پشتیوانی ده‌کران. دیاره ئه‌مه قسه‌ی چه‌ند دیه پێشه. به‌ڵام جیاوازی ئه‌م سه‌رده‌مه مێژووییه‌یه له‌وه‌دایه که وڵاته دیموکراته‌کانی جیهان پشتیوانی هێزه دیموکراته‌کانی ئێراق‌و سووریه ده‌که‌ن. که ده‌سپێکه‌که‌ی له شه‌ڕی کورد دژی داعش‌دا ده‌بینرێ. واته کورد وه‌ک هێزی دیموکرات و دژی پاشڤه‌ڕۆیی دژی داعش شه‌ڕ ده‌کا. دیاره مه‌ترسی راسته‌وخۆی داعش دژی گه‌لی کورد له پێکدادانانه‌دا هه‌بووه. به‌ڵام مه‌به‌ستم ئه‌وه‌یه که له داهاتوودا ره‌نگه هێزه‌کانی دیکه له خودی عه‌ره‌به سیکولار، چه‌پ‌و لیبراڵ دژی داعش شه‌ڕ بکه‌ن ئه‌گه‌ر داعش به‌راستی ناوچه‌ی ژێرده‌سه‌ڵاتی به‌رینتر بکاته‌وه. به واتایه‌کی دیکه ئه‌گه‌ر داعش له‌م ماوه‌یه‌دا زه‌برێکی قورسی لێ‌نه‌درێ له درێژخایه‌ن‌دا ره‌نگه شه‌ڕو به‌ربه‌ره‌کانیی ئه‌م هێزه پاشڤه‌ڕۆخوازه‌و هێزه پێشکه‌وتووه‌کانی ئه‌و دوو وڵاته‌ی لێ‌بکه‌وێته‌وه به‌پشتیوانی هێزه‌کانی وڵاتانی دراوسێ‌و ته‌نانه‌ت هێزه جیهانییه‌کانیش. ره‌وشی ئێراق‌و سووریه ده‌گه‌ڵ ئه‌فغانستان جیاوازه. ئه‌گه‌ر لێره‌دا بمانه‌وێ سه‌رهه‌ڵدان داعش‌و تالیبان پێک بگرین، هێزه‌کانی دژی داعش لێره به‌رابردووترن‌و له هه‌ر دوو وڵات‌دا به‌ریانی ناسیۆنالیستی و ره‌وتگه‌لی چه‌پ هه‌ن ئه‌گه‌رچی ئێستا تووشی لاوازی هاتوون.
پ: به‌سه‌رنجدان به بارودۆخی قه‌یراناوی گه‌لی عه‌ره‌ب له ئێران‌دا، کاریگه‌ریی کورت‌خایه‌ن و درێژخایه‌نی گرووپه‌کانی وه‌ک داعش له‌سه‌ر داهاتووی گه‌لی عه‌ره‌ب چۆن ده‌بێ؟
و: پرسیارێکی زۆر باشه. به‌بڕوای من کاریگه‌ریی داعش له سه‌ر گه‌لی کورد‌و ره‌نگه به‌لووچ‌و به‌گشتی سونی ئێران له عه‌ره‌بی ئێران زیاتر بێ. چۆنی هاومه‌زهه‌بن‌و ده‌توانن به درووشم‌و هێماکانی وه‌ک خه‌لافه‌تی ئیسلامی و ئه‌م چه‌شنه وتارانه هه‌ست و ئیحساساتی سونییه‌کان هه‌ڵخڕێنن. چونکی سوننییه‌کان له ئێران به‌رده‌وام سه‌رکوت کراون ره‌نگه به‌شێک له کۆمه‌ڵگه‌ی کورد، زیاتر له به‌لووچ‌و سونییه‌کانی دیکه‌ی ئێران ره‌گه‌ڵ ئه‌م ره‌وته که‌ون. به هه‌ر حاڵ ئه‌گه‌رچی نموونه‌کانی بچووکن، به‌ڵام ده‌رکه‌وتوون. له سنه خۆپێشاندان هه‌بووه بۆ پشتیوانی داعش که سه‌له‌فییه‌کان رێکیان‌خستوه. له مهابادو سه‌قزیش دژکرده‌وه هه‌بووه که وته‌کانی من پشتڕاست ده‌که‌نه‌وه. که‌واته کاریگه‌ریی داعش له‌سه‌ر عه‌ره‌بی ئێران که زۆریان شیعه‌ن زۆر که‌مه‌و له‌چاو کاریگه‌ریی له سه‌ر سونی وسه‌له‌فییه‌کان کوردستان و به‌لووچستان که‌متریشه. به‌ڵام به‌گشتی بێ کاریگه‌ریش نییه.
پ: له کۆتایی‌دا ئه‌گه‌ر پێتان وایه شتێک بۆ وتن هه‌یه، بفه‌رموون؟
و: پێم وایه په‌ره‌سه‌ندنی له‌نه‌کاو داعش له پشت‌گوێ‌خستن و سستی کۆمه‌ڵگه‌ی جیهانی‌و لاوازی یه‌کیه‌تی عه‌ره‌به‌وه له چاره‌سه‌ری قه‌یرانی سووریه‌وه سه‌رچاوه ده‌گرێ. واته له ساڵی سه‌ره‌تای شۆڕشه‌وه ساڵی 2011 که له مانگی مارس له سووریه ده‌ستی پێ‌کرد، ئه‌و کاته‌ی به‌شار ئه‌سه‌د به‌و په‌ری بێ‌ره‌حمی و دڵڕه‌قی ده‌ستی کرد به سه‌رکوتی خۆپێشاندانی ئاشتیخوازانه‌ی خه‌ڵک‌و به جۆرێک به شێوه‌ی ناڕاسته‌وخۆ له گه‌وره‌کردنه‌وه‌و سه‌رهه‌ڵدانی گرووپه ئیسلام‌خوازه توندڕۆکانی وه‌ک ده‌وڵه‌تی ئیسلامی‌و ئه‌وانی دیکه رۆڵی هه‌بووو ئیستخباراتی سووریه هه‌وڵی دروست‌کردنی ئه‌و گرووپانه‌ی ده‌دا بۆ ئه‌وه‌ی که به کۆمه‌ڵگه‌ی جیهانی‌و ئه‌مریکاو ئورووپا بڵێن لایه‌نی ئێمه سوپای ئازاد یا هێزه دیموکرات و لیبراڵه‌کان نین، به‌ڵکو توندڕۆه بناژۆخوازه‌کانن. دیاره به‌بڕوای من رێژیمی سووریه له‌و کاره‌شدا تاڕاده‌یه‌ک سه‌رکه‌وتوو بووه‌و کۆمه‌ڵگه‌ی جیهانی هه‌ڵفریواندوه‌و به‌تایبه‌ت ئۆباما له‌م پرسه‌دا سستی کردوه.چاره‌سه‌ر نه‌کردنی پرسی سووریه‌و نه‌ڕووخاندنی به‌شار ئه‌سه‌د که ئه‌گه‌ر ساڵی 2011 یا لانی زۆر 2012 رووی دابا، ده‌یتوانی به‌ر به‌و گه‌شه‌و په‌ره‌سه‌ندنی هێزه توندڕۆیه مه‌زهه‌بییانه بگرێ. ئه‌گه‌ر ئه‌و مه‌سه‌له‌یه ئه‌و کات چاره‌سه بووایه هێزه سیکۆلار، لیبراڵ و دیموکراته‌کان و ته‌نانه‌ت ئیسلام‌گه‌را میانه‌ڕۆیه‌کان به‌هێزتر بوون. به‌ڵام چاره‌سه‌ر نه‌کردنی مه‌سه‌له‌ی سووریه و درێژه شه‌ڕ و خوێنڕێژی نێوخۆیی بوو به‌هۆی ئه‌وه‌ی که ئه‌و دوو هێزه به‌هێز بن. ئه‌م دوو هێزه‌ش یه‌کیان به‌شار ئه‌سه‌ده که بوو به‌هۆی ئه‌وه‌ی له ده‌سه‌ڵات‌دا بمێنێته‌وه‌و ئه‌ی دیکه‌ش داعش و هێزه توندڕۆ ئیسلامییه‌کان که هه‌نووکه به هزر و بیره وشک و تاریکه‌کانیان هه‌ڕه‌شه له هه‌موو وڵاتانی رۆژهه‌ڵاتی ناڤین‌و به‌تایبه‌ت ئێراق‌و سووریه ده‌که‌ن
(*) یوسف بەنی ترۆف سکرتێری گشتیی رێکخراوی خه‌بات دژی نیژادپه‌رستی و دژه‌عه‌ره‌بی له ئێرانە
وەرگێڕان: تەها رەحیمی